كۆمپانیای دانەغاز

بەرهەمهێنانی غاز لە كۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمپانیای دانەغاز ئەمڕۆ چوارشەممە 3.12.2025 رایگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هێرشی كرایەسەر و ئێستا دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە.

کۆمپانیاکە، كە لە بۆرسەی ئەبوزەبی ریزبەند كراوە، لە راگەیاندراوێكدا روونیكردەوە، دوای ئەوەی رێوشوێنە ئەمنییەكان بە شێوەیەكی تۆكمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە جێبەجێکرا، بەرهەمهێنان دەستیپێکردەوە.

دانەغاز و هاوبەشەکانی پابەندبوونی خۆیان بە سەلامەتی کارمەندان و دامەزراوەکانیان دووپاتکردەوە، هەروەها پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی غازی شل (LPG) بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەكەن.

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی رابردوو، هێرش كرایەسەر سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و لە ئەنجامدا خەزانێكی گەورەی سووتا، بەمەش بەرهەمهێنانی غاز وەستا و پێنج وێستگەی كارەباش لە كوردستان لە كار وەستان، هەروەها بەشێكی بەرهەمهێنانی كارەباش بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق وەستێندرا.