چەندین کێلی گۆڕ شکێنراوە و بەشێکیشیان هەڵدراونەتەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

شەوی رابردوو لە گۆڕستانێکی قەزای چەمچەماڵ زیاد لە 15 گۆڕ کێلەکانیان شکێندراون و بەشێکیشیان لای سەری مردووەکە هەڵدراوەتەوە.

بە قسەی پۆلیسی قەزاکە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو کارە دەستگیرنەکراوە و بەدواداچوونەکانی ئەوانیش بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی چەمچەماڵ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی 964ی راگەیاند، شکاندنی کێلی قەبر و هەڵکەندنی بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ئەو کەسانەی نوشتە و جادوو دەکەن بۆ خەڵکی و دووەم هۆکار،ئەو گەنجانەی تازە پێدەگەن پێیانوایە نابێت کێلی قەبر بەرز بکرێت و بکرێت بە بەردی مەڕمەڕ.

وتیشی، تا ئێستا کەسیان دەستگیرنەکردوە و سکاڵاش لەسەر کەس تۆمار نەکراوە، بەڵام شکاندنی کێلی قەبر و هەڵکەندنی گۆڕەکان یەکەمجار نیە و خەریکە دەبێت بەدیاردە و شێواندنی قەبرەکانیش درەنگانی شەو لە دوای کاتژمێر 12:00 ئەنجامدراوە.

کارزان ئەحمەد، مامۆستای ئاینی بە تۆڕی 964ی وت “بەداخەوە گۆڕستانەکان دەشوێنێدرێت لەلایەن فاڵچیەکان و ئەو کەسانەی لەلایەن فاڵچیەکانەوە هاندەدرێن، ئەوانەی گۆڕستانەنەکان دەشوێنێن بەگوێرەی ئایەتی قورئان، گەر باوەڕیان بەو نوشتە و فاڵە هەبێت تاکو 40 ڕۆژ نزاو پاڕانەوەیان گیرانابێت و هەرچی زووە پێویستە لایەنی ئیداری و ئەمنی ئەم شارە تەواوی ئەو ماڵانە دابخەن بە ئاشکرا لە ژێر ناوی جیادا کاری نوشتەو خوێندن بەسەر نەخۆش و چەندین کاری دیکە دەکەن”.

گۆڕستانی شێخ سەعید لە قەزای چەمچەماڵە و زیاتر لە 70 ساڵە گۆڕستانە لە تەنیشتیدا گۆڕستانێکی نوێ کراوەتەوە.