دەروازەى باشماخ...وێنە: 964+
ئەی لایەنی ئێرانی؟
گومرگی باشماخ: تەنیا 25 هەزار دینار بۆ چوونە ئێران وەردەگرین
964+
ئەحمەد مستەفا
بۆ هەر ئۆتۆمبیلێک کە لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی ئێران بکات، گومرگی باشماخ وەک رسومات بڕی 25 هەزار دیناری لێ وەردەگرێ، خەبەر و باسی ئەوەش هەیە، لایەنی ئێرانی بڕی گومرگی چوونی کەمکردبێتەوە.
پێشتر، بۆ چوونی هەر ئۆتۆمبێلێک لە دیوی ئێرانەوە بڕی 250 دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بە گوێرەی سۆراغی 964 ئەو بڕە کراوە بە 200 دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025، شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە 964ی وت، ئەو بڕە پارەیەی ئێمە لە هەر شۆفێرێکی وەردەگرین بۆ چوون بۆ ئێران بڕەکەی تەنیا 25 هەزار دینارە، بەڵام بە گوێرەی سۆراغی 964 ئەو بڕە داشکێندراوە لە دیوی ئێرانەوەیە.
لەگەڵ دابەزاندنی رسوماتی چوون بۆ ئێران، هاوڵاتیان ئازادن لە ژمارەی گەشتەکانیان لە مانگێکدا و ئەو سنووردارکردنەی پێشوو لابراوە، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ باسی لەوەشکرد، بە پێچەوانەشەوە هەر هاوڵاتییەک لە ئێرانەوە بێتە هەرێمی کوردستان دەبێت 25 هەزار دینار بدات.
داتای نوێ بۆ ئەمساڵ بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی دواین داتای فەڕمی ساڵی رابردوو لە 21.3.2024 تا 21.1.2025، یەک ملیۆن و 207 هەزار گەشتیار لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و 127 هەزار و 117 گەشتیاریش لە مەرزی سەیرانبەنەوە هاتوچۆیان کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردووتر لەو کاتەدا، ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان 16% و ئاماری چوونی گەشتیاران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 26% زیادی کردووە.