پێنج تەقینەوە روویدا

بارهەڵگرێک لە پاڵاوگەكانی گوێڕ ئاگری گرتووە و كۆنتڕۆڵ نەكراوە

964+

عەبدولعەزیز خالند

ئاگرێک لە تانكەرێكی سووتەمەنی لە بەردەم یەكێك لە پاڵاوگەكان لەسەر رێگەی هەولێر – گوێڕ هەڵگیرساوە و تیمەكانیش خەریكی كوژاندنەوە، هاوڵاتییەكیش دەڵێت پێنج تەقینەوە لەناو ئاگرەكە روویدا.

پەیامنێری 964 بە خێرایی گەیشتە شوێنی ئاگرەكە و دوو هاوڵاتی دواند، یەكێكیان كە دیارە پەیوەندی بە بارهەڵگرەكەوە هەیە، وتی، ئاگرەكە لە بارهەڵگرەكە روویدا و زیانی گیانی نییە، باش بوو دیوارێك لەوێ هەبوو، ئەگەرنا ئاگرەكە دەگەیشتە ناو پاڵاوگەكە.

وتیشی، “تیمەكانی بەرگریی شارستانی درەنگ گەیشتن، ئەگەرنا ئاگرەكە زوو كۆنتڕۆڵ دەكرا”.

هاوڵاتییەكی دیكەش كە دوكانی لەو شوێنە هەیە، وتی، دەنگی پێنج تەقینەوەیان بیستووە و زۆر گەورە بوون، كە هاتوون دەبینن بارهەڵگرێكی سووتەمەنی ئاگری گرتووە.

شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لای خۆیەوە لە گرووپی واتساپ بە رۆژنامەنووسانی وت، تیمەكانیان خەریكن بۆ كۆنتڕۆڵی ئاگرەكە، كە بارهەڵگرێك سووتاوە و ئاگرەكەش گەیشتووەتە چەند خەزانێك.

لەسەر رێگای هەولێر – گوێڕ كۆمەڵێك پاڵاوگەی سووتەمەنی هەن و ئەوا جاروبار ئاگریش لەوێ هەڵدەگیرسێت، بەشێكی ئەو پاڵاوگانە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی ژینگە و سەلامەنی دووچاری داخستن و سزادان هاتوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دەنگی تەقینەوە و ئاگری گەورە لە پاڵاوگەكانی سووتەمەنی ...

دەنگی تەقینەوە و ئاگری گەورە لە پاڵاوگەكانی سووتەمەنی لە نزیک هەولێر هەیە