مۆنۆمێنتی راپەڕین تەواو نەبووە، کەچی نۆژەنکردنەوەی دەوێت

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

ماوەی 12 ساڵە مۆنۆمێنتی راپەڕین لە شاری رانیە تەواونەکراوە، لەکۆی سێ بەش تەنیا بەشێکی تەواوبووە، کەچی ئەویش نۆژەنکردنەوەی دەوێت.

حسێن مەحمود قایمقامی قەزای رانیە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “بەهۆی قەیرانی دارایی، لە ماوەی رابردوودا نەتوانرا ئەو دوو قۆناغەی کە لە پرۆژەکەدا ماوە[قۆناغی یەک و قۆناغی دوو]، تەواو بکرێت، ئەوەشی کرا [قۆناغی یەکەم] بەهۆی کەشوهەوا و بومەلەرزەوە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.”

بڕی 42 ملیۆن بۆ نۆژەنکردنەوەی قۆناغی یەکەم تەرخانکراوە

بۆ نۆژەنکردنەوەی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە، مەکتەبی دارایی و ئیدارەی یەکێتی بڕی 42 ملیۆن دیناری تەرخانکردوە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش بڕی سێ ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی قۆناغی دووەم و سێهەم دابینکردوە، حسێن مەحمود وای وت.

نۆژەنکردنەوەی قۆناغی یەکەمی مۆنۆمێنتی راپەڕین، خۆی دەبینێتەوە لە پاککردنەوە، بۆیاغکردن، چاککردنەوەی کاشی و سەندویچ پەناڵەکان و ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە.

بەردی بناغەی مۆنۆمێنتەکە لەساڵی 2011 دانرا

پرۆژەی مۆنۆمێنتی راپەڕین دەکەوێتە دەروازەی شاری رانیە و وەک رەمزێک بۆ یادی راپەڕینی بەهاری 1991ی کوردستان دژ بە رژێمی بەعس بونیاد دەنرێت. بەردی بناغەی مۆنۆمێنتەکە لەساڵی 2011 دانرا و بڕیارە لەسەر رووبەری 14 دۆنم زەوی دروستبکرێت.

پڕۆژەکە پێکدێک لە پەیکەری پێشمەرگەیەکی نەناسراو و ژمارە پێنج وەک هێما بۆ پێنجی ئاداری، کە یەکەم رۆژی راپەڕین بوو لە رانیە، هەروەها گەلەری و سەوزای لەخۆدەگرێت.

ساڵانە لە رۆژی پێنجی مانگی ئادار، وەک بۆنەیەکی یادێکی نیشتمانی ئەم رۆژە دەکرێتە پشوی فەرمی و هاوڵاتیانی دەڤەری راپەڕین بە جلوبەرگی کوردی یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە و تاجە گوڵینەی وەفا لەسەر مۆنۆمێنتە تەواو نەکراوەکە دادەنێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر