خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان پرۆژەی کوڵەفڕەیان هەیە
+964
میلاد جەلال_گەرمیان
ژمارەیەک خوێندکاری بەشی کشتوکاڵی کفری یەکەمجارە لە گەرمیان پرۆژەیەکی زانستی بەخێوکردنی باڵندەی “کوڵەفڕە” بەڕێوەدەبەن و ھێلکەکەی دەخەنە بازاڕەوە.
خوێندکارەکان ماوەی 90 ڕۆژە سەرقاڵی چاودێریکردنی ئەو باڵندەیەن وەکو ھانگاوێک بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی گەورەتر لە داھاتودا، دەیانەوێت پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و ئەو وانانەی لە زانکۆ دەیخوێنن پراکتیکی بکەن.
بەھار یوسف، یەکێکە لەو خوێندکارانەی کە پرۆژەکە بەڕێوەدەبات، بە تۆڕی964 وت، “لەگەڵ ھاوڕێکانم ماوەی 90 ڕۆژە سەرپەرشتی پرۆژەی بەخێوکردنی باڵندەی “کوڵەفڕە” دەکەین لەناو کۆلێژەکەمان، ڕۆژانە دێین خواردنیان پێدەدەین و ژێریان پاک دەکەینەوە و ھێلکەکانیان کۆدەکەینەوە”.
“کوڵەفڕە” باڵندەیەکی بچوکە و کێشەکەی دەگاتە250 بۆ 350 گرام، ماوەی نۆ ساڵیش دەژین.
وەلید ئیبراھیم، یەکێکیترە لەو خوێندکارانە بە تۆڕی 964ی وت، ھێلکەکانیان لە شوێنێکیتر ھێناوە، ھەر لە کۆلێژەکە خستویانەتە ئامێری ھێلکە ھەڵھێنەرەوە، ئێستا پرۆژەکەیان سەرکەوتو بووە، “کوڵەفڕەکان”یان پێگەیشتون و ھێلکە و گۆشتەکەی دەخەنە بازاڕەوە
ئەم باڵندەیە ساڵانە نزیکەی 300 ھێلکە دەکات، زۆرێک لەوکەسانەی دەیکڕن لە ماڵ و باخچەکاندا بۆ جوانی و گۆشت و ھێلکەکەی بەخێوی دەکەن.