"سزای یاسایی دەدرێت"

کاردانەوەی لاسایی مامۆستایەک لەلایەن قوتابیەکەوە بەردەوامە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ڤیدیۆی کچە قوتابییەک کە لاسایی یەکێک لە مامۆستاکانی دەکاتەوە بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، پەروەردەی سلێمانیش دەڵیت پێناجیت خەڵکی سلێمانی بێت و لە سنووری پەروەردەی ئەوان بێت.

کچە قوتابییەکە ڤیدیۆکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە و بە تەنزەوە لاسایی مامۆستای کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، ئەوەش بەشێک لە مامۆستایان و پەروەردەکارانی نیگەران کردووە.

نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ 964 وتی، هەموو پەروەردەکانی سنووری سلێمانیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی ئەو قوتابییە بەڵام تا ءیستا دەرنەکەوتووە کە لە سلێمانی بێت، و بە شێوەزاریدا لەوەدەچێت لە کەرکوک بێت.

وتیشی، بە پێی یاسا و بە پێی ئەرک و مافی قوتابی بەرامبەر بە مامۆستا ئەو قوتابییە دەبێت سزا بدرێت لە هەرشوێنێک بێت.

مامۆستا نەژاد ئاماژەی بەوەشکرد، حەتا ئەگەر ئەو قوتابییە بەهرەی لاسایی کردنەوەی هەبێت و وەک تەمرین ئەوەی لە ماڵەوە کردبێت ئاساییە بەڵام بڵاوکردنەوەی لەلایەن خێزان و کەسەنزیکەکانییەوە لە تۆڕەکۆمەڵایتەییەکان ئەوە ئاسایی نییە و نابێت هەروا بڕوات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی