دوای نزیکەی یەک هەفتە
تەرمی گەنجە ونبووەکەی کەلار دۆزرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای نزیکەی یەک هەفتە، تەرمی گەنجە ونبووەکەی کەلار دۆزرایەوە
کەمێک لەمەوبەر زانای غەواس بە 964ـی وت، “تەرمی مەهدی محەمەد، گەنجە ونبووەکەی کەلار لەناو رووباری سیروان دۆزراوەتەوە”.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتووە، تەرمەکەی ئاسەواری برینی بەجەستەیەوە دیارە، بۆیە بۆ توێکاری دەبرێتە پزیشکی دادی کەلار و دواتر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەى رابردوو، گەنجێک بەناوی مەھدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیا لە زانکۆی گەرمیان، لە ماڵ چووەدەر، دوو رۆژ دوای ونبوونی مەهدی، ماتۆڕەکەی لە نزیک کەلار دۆزرابووەوە، ئەو جێگایەی ماتۆڕەکەی لێدۆزرایەوە، پرۆژەی ئاودێری لێیە و گومان دەکرا کەوتبێتە ناو ئاوەکە، بۆیە ئەمڕۆ زانا بەکر کە بە زانای غەواس ناسراوە، لە قەزای تەقتەقـەوە هاتە سەر رووباری سیروان و کەمێک لەمەوبەر بە هاوکاری خەڵکە ناوچەکە تەرمەکەیان دۆزییەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری