ئاگر لە دارستانەکانی باکوری ئێران کەوتووەتەوە - وێنە؛ ئیرنا
چەند فڕۆکەیەکی تورکیا بەشداریی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن
سێ هەفتەیە دارستانەکانی باکووری ئێران لە ئاگردا دەسووتێن
964+
شۆڕش قادری
سێ هەفتەیە دارستانەکانی باکووری ئێران لە ئاگردا دەسووتێن و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەش، حکومەتی ئەو وڵاتە داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات.
نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر ئاگر لە دارستانەکانی ئەلیت لە پارێزگای مازندەران سەریهەڵدا و هەرچەندە جاربەجار کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام سەریهەڵداوەتەوە و ئەمڕۆ بەشێوەیەک پەرەی سەندووە کە هێزە ئەمنییەکان و سوپای ئێرانیش دەستبەکاربوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری شینا ئەنساری جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئاگرەکە لە چەند خاڵێکەوە بەردەوامە و لە هەندێک شوێن بەهۆی باـوە خێراتر پەرەدەسێنێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆنتڕۆڵی قەیران و سەرچاوە سروشتییەکان ئەنجام داوە و سەرجەم دەزگاکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، جگە لە 400 کارمەندی خۆیان، ئەمڕۆش دوو فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە و هەلیکۆپتەرێکی تورکیاش گەیشتوونەتە ناوچەکە.
شینا ئەنساری راشیگەیاندووە، حکومەتی روسیاش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات، هاوکاری ئێران دەکات لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.
مەهدی یونسی پارێزگاری مازندەرانیش رایگەیاندووە، کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی گوندی ئەلیت سەر بە شاری چالوس بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە بەردەوامە و تا ئێستاش، لانیکەم 20 کەس لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بریندار بوون.