تۆمەتهكهی هاوكاریكردنی ئیسرائیله
ئێران سزای زیندانیكردنی بەسەر ژنێكی كورددا سەپاند
964+
فهرهاد حهسهن
دواى ماوهیهك راگرتنى له زیندان، دەسەڵاتدارانی ئێران بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئیسرائیل سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنیان بەسەر ژنێكی كورددا سەپاند.
دونیا حسێنی، چالاكوانی سیاسی و مەدەنیی كورد، لە لایەن دادگای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “هاوكاریكردنی ئیسرائیل” ئهم سزایهی بهسهردا سهپێندراوه، دوای ئەوەی بڕیاری دادگای سەرەتایی لە قۆناغی پێداچوونەوەدا لە لایەن لقی 36ی دادگای تارانەوە پشتڕاستكرایەوە.
ئهم زانیاریانه، لهلایهن رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پێگەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاماژەیان پێدراوە و پێشتریش لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە تاران دونیا دەستبەسەركرا بوو، بهڵام لە مانگی ئابدا بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەن لە زیندانی قەرچكی وەرامین ئازاد كرا و جارێكی دیكهش لە ساڵی 2023 دا لە دادگایەكی دیكە، سزای پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنرابوو.
بڕیاری نوێی دادگا دیسانەوە سزای زیندانی بەسەر دونیا حسێنیدا سەپاندووە، كە بە نازناوی “دونیا ئازاد” چالاكی دەكات و دانیشتووی شاری تارانە.
بهپێی راپۆرتی رێكخراوهكان، دوابەدوای شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەیان پەنابەری ئەفغانی، كۆڵبەر و هاوڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی (مۆساد) دەستگیركراون، لەناو ئەو كەسانەشدا لە رۆژی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند سێ كۆڵبەری كوردی لەسێدارەداوە، كه یەكێكیان هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان بوو، بنەماڵەكەی دەڵێن بێتاوان بووە و بڕیار بووە ئازاد بكرێت، نەك هەواڵی لەسێدارەدانیان پێ بگەیەندرێت.