ئاسایشی سلێمانی دەڵێن ئەو تۆمەتبارە وەك بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراوە
روونكردنەوەی ئاسایشی هەرێم - سلێمانی
حەشدی شەعبی نەیگرتووە و ئێمە دەستگیرمان كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدولا
سەبارەت بەو تۆمەتبارەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، كە وابڵاوكرایەوە دەستەی حەشدی شەعبی لە سلێمانی دەستگیریان كردووە، ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، “هەواڵەكە بەم شێوەیە نییە و ئێمە دەستگیرمان كردووە”.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی – سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.11.2025 لەم بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوكردووەتەوە، كە دەقەكەی بەم جۆرەیە:
“سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر لە شاری سلێمانی لە رێکەوتی 19.11.2025 کە چالاکییەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عیراق بە سەرکەوتووانە ئەنجامدراوە.
دوای ئەوەی لە سۆشیال میدیا هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکرایەوە کەدەستەی حەشدی شەعبی لە شاری سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردبێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت کە ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە، دوای ئەوەی نووسراوی فەرمی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوکمان بەدەست گەیشت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو و بە هاوەڵی سێ ئەفسەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی، بەسەرکەوتووانە توانرا بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( 3 ) کیلۆگرام حەشیش.
ئێستا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە گرتووخانەی دەزگای ئاسایش لەشاری سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
![]()
ئاسایشی هەولێر بازرگانێكی مادەی هۆشبەر دەستگیر دەكەن