بە تۆمەتی راوکردن
لە سنووری چەمچەماڵ چوار کەس و لە سەید سادق کەسێک دەستگیر کران
964+
توانا نەقی
پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوامە لە گرتنی ئەو کەسانەی بە ئا یاسایی راو دەکەن، لە سنووری چەمچەماڵ چوار کەس و لە سنووری سەیدسادقیش کەسێک بە کەرەستەکانیشیانەوە دەستگیر کران.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە سەر رێگای گوندی مەنیلەی چەمچەماڵ لەلایەن مەفرەزەکانیانەوە چوار کەس دەستگیر کراون بە تۆمەتی راوکردن.
ئاماژە بەوەشکراوە، چەندین کەرەستەی راوکردنیان دەستبەسەر کردووە و یەک باڵندەی راوکراویشی تیادا بووە و ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلیش.
بەهەمان شێوە لە سنووری سەید سادق و لە گوندی بێرەشکە راوچیەک بە تۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر کراوە و چەکێکی تاپڕیش دەستی بەسەردا گیراوە.
هەموو ئەو کەسانە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادوەر کراوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.