پێویستە چارەسەر بکرێن
دارگوێزەکانی باڵەکایەتی دەستیان کردووە بە گریان
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
بەشی زۆری دارگوێزەکانی باڵەکایەتی تووشی نەخۆشییەک بوون، کە لە قەدی دارەکە “رەشاییەک” دەردەکات وەک ئاو و زیان بە بەرهەم و دارەکەش دەگەیەنێت.
سێ ساڵە ئەو نەخۆشییە بەرۆکی دارگوێزەکانی باڵەکایەتی گرتووە، شارەزایەک دەڵێت، ئەمە گریانی دارەکانە، پێویستە جوتیاران بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
ئەیوب رەشدوری جوتیارێکی باڵەکایتییە و بۆ 964 دەڵێت، دارگوێزەکانمان زۆر نارەحت بوون بە دەست ئەم نەخۆشییەوە، هەم بەرهەمی گويز زۆر کەم کردووە هەمیش دارەکانی لاواز کردووە.
لەسەر هۆکاری نەخۆشیەکە و چارەسەری، ئەندازیار سالار حەمەد، بەرپرسی بەشی پاراستنی روەک لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سۆران، بە 964ـی وت، ئەمە گریانی دارەکانە، یان شێرپەنجەی رووەکی، بوونی کرم لە دارەکە و رتوبەتی زۆر لە خاک و زۆری ئاودان و بوونی بەکتریا لە کەلوپەلی جوتیاران لە کاتی هەڵپاچینی درەختەکان، هۆکارن بۆ دروستبوونی ئەو نەخۆشییە.
ئەو ئەندازیارە رێنمایی جوتیاران دەکات، کە ئەو شوێنەی رەش بووە پاکی بکەنەوە، سیستەمێکی گونجاوی ئاودان بۆ باخەکانیان هەبێت ئاودانی کەم و زۆر هەردووکی زیانی هەیە، لەگەڵ ئەوەش لە وەرزی زستان رشاندن بۆ گويزەکانیان بکەن.
گويزی باڵەکایەتی بە ناوبانگە، لە باشی و خۆشی بەرهەمەکەی، بەپێی ئاماری کشتوکاڵی چۆمان، زیاتر لە (2000) دوو هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەکە کراوە بە داری گوێز.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا