دیداری ترەمپ و بن سەلمان لە كۆشكی سپی
دیداری ترەمپ و بن سەلمان لە كۆشكی سپی
ئەمریكا فڕۆكەی F-35 دەداتە سعودیە و ئەوانیش وەبەرهێنان لە ئەمریكا دەگەیەننە تریلیۆن دۆلار
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە وەبەرهێنانەکانی لە ئەمریکا بۆ یەک ترلیۆن دۆلار زیاد بکات.
بن سەلمان ئەمڕۆ لە كۆشكی سپی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا وتی، “ئێمە باوەڕمان بە داهاتوویەکی هاوبەش هەیە لەگەڵ ئەمریکا، زیادکردنی وەبەرهێنانەکانمان لە ئەمریکاش رادەگەیەنین، بۆ ئەوەی بگاتە نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئێمە دەرفەتی راستەقینە لە بواری زیرەکی دەستکرددا دروست دەکەین.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە دەربڕی کە زیادکردنی وەبەرهێنانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا بۆ یەک ترلیۆن دۆلار راگەیاند.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بە کۆی گشتی وەبەرهێنانمان بەدەستهێناوە کە کۆی گشتی 17 تریلیۆن دۆلارە، پێشبینیش دەکەین تا کۆتایی ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیم بگاتە 21 تریلیۆن دۆلار”.
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ سعودیە کراوە و وڵاتەکەی هەوڵدەدات فڕۆکەی جەنگی F-35 بۆ ریاز دابین بکات.
سەرۆكی ئەمریكا وتیشی، “هاوپەیمانی و ستراتیژیەتێكی گەورەمان لەگەڵ سعودیە هەیە، هاوبەشی و رێككەوتنی گەورەتریشمان لە داهاتوودا دەبێت”.