هەموو عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان
مامۆستایانی عێراق لە دژی وەزارەتی دارایی خۆپیشاندان دەکەن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 19.11.2025 سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی پارێزگاکانی عێراق لە دژی پێنەدانی پارەی دەرماڵەیی پیشەیی لە بەردەم بیای یەکێتیی مامۆستایانی شارەکانی خۆیان خۆپیشاندان بکەن، هەڕەشەش لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.
حەسان جبوری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی عێراق – لقی کەرکوک بە 964ـی وت، سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بڕی 150هەزار دیناریان وەک دەرماڵەی پیشەیی پێدەدرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا پارەکە بکرێتە 300 هەزار دینار، وەزارتی دارایی بە بیانووی نەبوونی پارە بڕیارەکە جێبەجێ ناکات، بۆیە ئەمڕۆ لە شاری بەغدا و لە کۆبوونەوەیەکی لەناکاودا بڕیار درا رۆژی چوارشەممە لە سەرتاسەری عێراق مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە لە بەردەم یەکێتێیەکانی شارەکان خۆپیشاندان بکەن و پاشان بە پیادە بەڕێبکەون بۆ بەردەم بینای پارێزگاری شارەکانیان.
وتیشی، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو مامۆستایان لەناو سەرجەم قوتابخانەکان مان دەگرن و وانە ناڵێنەوە، داواش کراوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 23.11.2025 لە شاری بەغدا و لە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە ئامادە بن بۆ ئەنجامدانی گەورەترین خۆپیشاندان، داوا لە مامۆستایان سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کراوە ئامادەبن بە پێی توانا لە بەغدا.
حەسان دەڵێت، تەنیا لە شاری کەرکوک 50 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردە هەن و هەموویان ئاگادارکران بۆ خۆپیشاندانی رۆژی چوارشەممە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا