كارمەندانی كۆمیسۆنی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت
100% تەواو بووە
کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ یان سبەى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردن رادەگەیەنین
964+
وریا فەتاح
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆتایی بە ژماردنی دەنگى بنکە و وێستگەکانی دەنگدان هێنا و رایگەیاند کە ئەنجامەکان 100% لەگەڵ ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی یەکدەگرنەوە.
بەپێى بەیاننامەیەکى کۆمیسیۆنەکە کە تێیدا هاتووە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان قۆناغی کۆتایی ژماردنی دەنگەکانی تەواو کرد و سەرجەم ئەنجامەکان بەرڕێژەی 100% لەگەڵ ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی یەکیان گرتەوە.
روونیشى کردووەتەوە، ئەمڕۆ، کۆمسیۆن دەست دەکات بە پڕۆسەی دابەشکردنی کورسییەکان، لەوانەش کورسی کۆتای ژنان و کەمینەکان.
“هەروەها، نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەستیان کردووە بە دابینکردنی شریتی ئەنجامەکان بۆ هاوپەیمانێتی، پارتەکان و کاندیدەکان”، کۆمیسیۆن وا دەڵێت.
هەروەک پێشبینى دەکات، ئەنجامە کۆتاییەکان ئەمڕۆ یان سبەینێ رابگەیەنرێن، جەختیش دەکاتەوە دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران، کۆمسیۆن بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگای تانە لێدان دەکاتەوە، کە لە رۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانەوە دەست پێدەکات.