ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە فەڕەنساوە بۆ کەناڵ ئینگلیز بپەڕنەوە _ وێنە: Marc Demeure
مەرجەکانی جیاوازە
کۆچی یاسایی دەکرێتەوە و خۆتان لە ئاوی قاچاخ مەدەن
964+
ئەحمەد مستەفا
“تەواوی رێگا یاساییەکان دەکرێنەوە، تا ساڵی ئایندە بۆ گەشتکردن بۆ ئەوروپا بۆ هەر هۆکارێک بێت، بەڵام مەرجەکان قورسن، هەرکەسێک دەست بە رێکاری یاسایی بکات دەبێت ئەوە باش بزانێت داواکارییەکان جیاوازن و یاسایی جیاواز و مەرجی جیاواز دەیان گرێتەوە”.
ئەمە قسەی راوێژکارێکی یاساییە بۆ ئەو کەسانەی لەبری کۆچی یاسایی، پەنایان بۆ کۆچی نایاسایی و قاچاخ بردووە لە رێگەی سنوورەکانەوە.
ئەو داوایانە، ڤیزەی شنگن ناگرێتەوە، دەکرێ بۆ کار، خوێندن، نەخۆشی یان داوایەکی تایبەت بێت و کونسوڵگەری یان باڵیۆزی ئەو وڵاتە بڕیار لە داواکە دەدات، هەر وڵاتێک پەیڕەوی خۆی هەیە.
پێشڕەو عەبدوڵا، راوێژکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان بە 964ی وت، “وەک رێکخستنەوەیەک کۆچی یاسایی لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا دەکرێتەوە، کاتێک واژۆ لەسەر داوایەک دەکرێ دەبێت کەسی خوازیار بزانێ بە تەواوی مەرجەکان رازی بووە، داواکەت دەچێتە ژێر لێکۆڵینەوە و دەبێت ساڵێک یا خود زیاتر لە ساڵێک چاوەڕێ بکەیت تا وەڵامی داواکەت دەدرێتەوە جا بۆ هەر کارێک بێت”.
“هەر پاش گەزبوونەوەیەک لەلایەن، داواکارەوە رووبدات ئەوە باجی یاسایی و دارایشی دەبێت پاشان ناتوانی لە داهاتوودا، هیچ رێکارێکی یاسایی بگریتەبەر، یاخود داواکاری تر پێشکەش بکات بۆ هیچ بابەتێک لە رووی دارایشەوە کەسەکە بەرپرسیار دەبێت و زیانەکەی هەر چەندێک بێت” پێشڕەو عەبدوڵا وای وت.
پێشتر، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانی کۆچ، كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، وتی، “داوا لە لاوانی کوردستان دەکەم، رێگای کۆچی نایاسایی نەگرنەبەر، چونکە مەترسیی زۆری لە رێگایە، لەبری کۆچکردن، پەرە بە تواناکانی خۆتان بدەن و بەشداری لە پێشخستنی کوردستان بکەن.”
بە بڕوای ئەو، “کۆچ تەنیا کێشەیەکی ناوچەیی و نیشتمانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی جیهانییە، پێویستی بە رێبازێکی گشتگیری حکومەت و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە بۆ چارەسەرکردنی”.
مانگی رابردوو بوو، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، 50 کەسیان لە فڕۆکەخانەی دۆسلدۆرفەوە دیپۆرت کردەوە بۆ عێراق و رۆژی 30.9.2025 لە بەغدا دابەزێندران، لەو ژمارەیەی دیپۆرت کراونەتەوە، 26 کەسیان تاوانباری سزادراو بوون، هەروەها ژمارەیەک کوردی ئێزدییان لەگەڵ بوو، کەس سەرجەمیان بە قاچاخ چوبوونە وڵاتەکە.
ئەوە لە کاتێکدا، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 148 هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە و زۆرینەیان چوونەتە بەریتانیا، ئەمە بە گوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان.