100 وێستگە وردبینی گشتگیریان بۆ دەکرێت

ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەیوەستە بە تانەكان و جۆرەكانیان

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

جێگری وتەبێژی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەمجارە، لەسەر ئەو تانانە دەوەستێت كە ئاراستەی ئەنجامەكان دەكرێت لەگەڵ جۆری تانەكان.

نیبراس ئەبوسۆدە لە لێدوانەكانی بۆ میدیاكانی عێراقی، كە 964 بینیویەتی، رایگەیاند، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بەندە بە ژمارە و جۆری ئەو تانانەی کە پێشکەش دەکرێن.

وتیشی، هەندێک لە تانەدانەکان پێویستیان بە ژماردنەوەی دووبارەی دەنگەكان هەیە، کە لەلایەن دەزگای دادوەری پەیوەندیدارەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. روونیشیكردەوە، دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان لە دەزگای دادوەرییەوە وادەی کۆتایی وەردەگرن، دوای ئەوە دادگای فیدراڵی بە فەرمی ئەنجامەکان پەسەند دەکات.

بە قسەی نیبراس ئەبو سۆدە، کۆمسیۆن دەستیکردووە بە چارەسەرکردنی ئەو وێستگانەی کە کێشەی تەکنیکی، لەگەڵ گواستنەوە یان پشتڕاستکردنەوەدا راپۆرتکراون، بۆیە زیاتر لە 100 وێستگە وردبینی گشتگیریان بۆ دەکرێت.

“ئەنجامی کۆتایی بەندە بە ژمارە و جۆری تانەدانەکان، جا تەکنیکی بێت یان یاسایی. زۆرێک لە تانەدانەکان پێویستیان بە ژماردنەوەی دووبارە هەیە و دەزگای دادوەری دەستوەردان دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم کەیسانە”، جێگری وتەبێژی كۆمیسۆن وای وت.

ئاشكراشی كرد، “کاتێک ئەنجامەکان ئامادە بوون، دەزگای دادوەری ئاگادارمان دەکاتەوە، دوای ئەوە دادگای فیدراڵی پەسەندکردنی کۆتایی خۆی دەردەکات.

رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، 7744 كاندید ركابەریی لەسەر بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن، دوێنێ ئێوارەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامە بەراییەكانی بڵاوكردەوە.

"هەشت سکاڵا لەسەر کاندیدەکانی کوردستان تۆمار کراوە"