"زەویمان وشکە و ئاوی خواردنەوەمان نییە"
9 گوندی ناحیەی شەمامک 18 رۆژە موحتاجی کارەبان
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ماوەی 18 رۆژە، وێستگەی دابەشكردنی كارەبایی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە ناحیەی شەمامك سووتاوە، بەهۆیەوە كارەبای 430 محاویلەی زەوی كشتوكاڵی بڕاوە و جوتیارانی سنوورەكەش داوا دەكەن حكومەت بەهانایانەوە بچێت.
ئەوە لە کاتێداکدایە بەرهەمی کشتوکاڵی زستانە لە کاتی چاندنیدایە و دەیان بیر بەهۆی بێ کارەبایی لەکار کەوتوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 10.11.2025، ئەبوبەكر مستەفا جوتیارێكی گوندی ماستاوەیە بۆ 964 وتی، جوتیاری نۆ گوند لە ناحیەی شەمامك زەوییەكانمان وشك بووە و زەرەرمان كردووە، دەبێت رۆژانە بایی 300 هەزار دینار گاز بۆ مۆلیدە بکڕین و ماوەی 18 رۆژە ئەمە دۆخی ئێمەیە، داوا لە حكومەت دەكەین بەهانامانەوە بێت.
رۆژانە 24 كاتژمێر كارەبامان ناوێت، تەنیا هەشت كاتژمێرمان دەوێت، ئەوە داوای ئەو جوتیارە بوو.
عەبدولڕەحمان مەلامحەمەد بۆ 964 وتی، ئاوی خواردنەوەمان نییە هەر جوتیارێك دەبێت رۆژانە بەرمیلیك گازوایل سەرف بكات، دەمانەوێت وەک پێشوو كارەباكەمان بخەنەوە سەر وێستگەی گوند، هەر محاویلەیەك لەوانەیە دوو بیری لەسەر بێت، یانی نزیك هەزار ماڵ بەبێ ئاوی خواردنەوە و كارەبان.
دەریا محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی چاكردنەوەی كارەبای شەمامک بۆ 964 وتی، ئەو وێستگەیەی كە كارەباكە دابەش دەكات سوتاوە و زۆر گرانبەهایە، پێویستی بەكاتی زۆرە و دەبێت لە دەرەوەی وڵات بیهێنین، بەڵام دڵنیایان دەكەینەوە وەزارەتی كارەبا كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكات.
ئەوان وتیان وەزارەتی كارەبا زانیاری زیاتری لایە، بەڵام چەند جارێک پەیامنێری 964 پەیوەندی بە راگەیاندنی وەزارەتی كارەباوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا