بهشێك له سهركردهكانیش بۆ وڵاتى سێیهم
رۆیتەرز دهڵێت؛ توركیا یاسایەك دەردەكات بۆ گەڕانەوە گەریلاكانی پەكەكە بۆ وڵاتەکەی
964+
فەرهاد حەسەن
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، پەرلەمانی تورکیا دەستیکردوە بە داڕشتنی یاسایەک کە رێگە بە هەزاران گەریلا و هاوڵاتی مەدەنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن.
بەرپرسێکی باڵا و سەرچاوەیەکی ناو پارتێکی سیاسی کوردی لە تورکیا بەو ئاژانسهیان راگەیاندوە، یاسا پێشنیازکراوەکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات، بەڵام لێبوردنی گشتی ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە لەلایەن چەکدارانی پێشوەوە ئەنجامدراون، دهشڵێت “بەپێی ئەو پلانانە، دەکرێت هەندێک لە سەرکردەكانی گەریلا بنێردرێن بۆ وڵاتانی سێیەم”.
گەڕانەوەی گەریلاكانى پەکەکه و خێزانەکانیان بۆ تورکیا، یەکێکه له دوا کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی که ساڵێک لهمەوبەر دەستیپێکرد، بۆ کۆتاییهێنان به ململانێیەک که بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەى 40 هەزار كەس.
ئەو بەرپرسەی سهى بۆ رۆیتهرز كردووه، روونکردنەوەی لەسەر دانوستانە هەستیارەکان داوە و دەشڵێت، “رەنگە ئەو یاسایەی كە رێگە بە گەڕانەوەیان دەدات لەم مانگەدا لە پەرلەمانی تورکیا بخرێتەڕوو”.
لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوودا، بە دەسپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیاوە، پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی لە توركیا دەستپێكرد و دوای زنجیرەیەك كۆبونەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری پەكەكە، لە 27.2.2025 داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و دیموكراتی بۆ توركیای كرد.
لایخۆشیهوه پەكەكە وهكو وهڵامدانهویهك بۆ پهیامهكهى ئۆجهلان، له مانگی ئایاردا كۆنگرەی 12ـی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، دواتریش لە رۆژی 11.7.2025 وەک نیازپاکی لەلایەن گروپێکی گەریلاوە کە ژمارەیان 30 کەس بوو، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە رێگەی ئاگرەوە سوتێنران.