هەندێکیان بەهێزبوونە تاوەکو 4.3 پلە

ئەو 80 بومه‌له‌رزه‌یەی مانگى رابردوو لە عێراق تۆماركراون 15 یان له‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دەستەى کەشناسی و بومەلەرزەزانى عێراق، ئاشكراى ده‌كات له‌ مانگى رابردوودا 80 بومەلەرزەى جۆاوجۆر له‌ پارێزگاكانى عێراق تۆمارکراون، كه‌ زۆربه‌یان له‌سه‌ر سنووره‌كان و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و سنوورانه‌ روویانداوه‌، له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌شدا 15 بومه‌له‌رزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌.

گوڕى بومەلەرزەکان لە نێوان (1 بۆ 4.3) پلە بووه‌ بە پێوەرى رێختەر.

عەلی عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوونی بومەلەرزەزان رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو بوومەلەرزانەی تۆمارکراون لە تۆڕی چاودێری بومەلەرزەزانی عێراق لە مانگى رابردوودا گەیشتووەتە 80 بوومەلەرزە، لەوانە 30 بوومەلەرزە لە ناوخۆی عێراق و 50 بوومەلەرزەش لە دەرەوەی عێراق و نزیک سنوورەکانی، روویانداوه‌.

لەنێو ئه‌و ژماره‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌دا 26 بوومەلەرزە لە ناوخۆی ئێران له‌ کرمانشان، کوردستان، ئازەربایجان، خوزستان، لوڕستان و هتد، بووه‌ و 21 بوومەلەرزەش لە ناوخۆی تورکیا له‌ شاره‌كانى وان، بیتلیس، سرت، هەکاری، سیرت و هتد، روویانداوه‌، كه‌ شوێنه‌كانى ئه‌م دوو وڵاته‌ نزیک سنوورەکانن لەگەڵ عێراقدا و سێ بوومەلەرزەش لە سوریا له‌ شارى حەسەکە، تۆمارکراوە.

بومەلەرزەکانى هه‌رێمى كوردستان 15 بووه‌،كه‌ لە پارێزگاکانی سلێمانی له‌ چەمچەماڵ، دەربەندیخان، هەڵەبجە، پێنجوێن و دوکان روویانداوه‌.

پێنج بوومەلەرزە لە پارێزگای دیالە له‌ خانەقین و بەلەدروز، سێ بوومەلەرزە لە پارێزگای هەولێر له‌ شەقڵاوە و کۆیە، تۆمار کراون. دوو بوومەلەرزەش لە پارێزگای دهۆک له‌ ئاكرێ و ئامێدى تۆمارکراوە، هەریەکەیان لە پارێزگاکانی بەغدا له‌ تاجی، کەرکوک له‌ داقوق، سەڵاحه‌دین له‌ بەیجی، ئەنبار له‌ ئانا، و له‌ پارێزگای هەڵەبجە یەک بوومەلەرزە تۆمارکراوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئه‌و رووداوه‌ بومه‌له‌رزانه‌ى مانگى رابردوو هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددیان نه‌بووه‌.