198 کیلۆگرام مادەى هۆشبەریان پێ گیراوە

سزاى لەسێدارەدان بۆ دوو بازرگانى مادەى هۆشبەر دەرچوو

وریا فەتاح

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو کەس دەرکرد کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکرابوون.

بەپێی راگەیەندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەو دوو کەسە بڕی 198 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان پێبووە.

وردەکاریی ماددە دەستبەسەرداگیراوەکان بریتی بوو لە 102 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆن و 96 کیلۆگرام حەشیش.

ئەو دوو تۆمەتبارە بەنیازبوون ئەو ماددە هۆشبەرانە لەنێو بەکارهێنەراندا ساغ بکەنەوە.

سزاکە بەپێی حوکمەکانی ماددەی 27/یەکەم لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ژمارە 50ی ساڵی 2017 دەرچووە، هەروەها بەپێی ماددەکانی 47، 48 و 49 لە یاسای سزادان کە تایبەتن بە بەشداریکردن لە تاواندا.