دهۆک
کرێکارێک لە ناو تانکەرێکى نەوتى خامدا گیانى لەدەستدا
964+
هێڤى دێوالى- دهۆک
تیمەکانی بەرگری شارستانی دهۆک، دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵدان، تەرمی کرێکارێکیان لەنێو تانکەرێکی پڕ لە نەوتی خام لە کۆمەڵگەی پیشەسازی کواشێ دەرهێنا.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک، بە 964ـی راگەیاند: “ئەمڕۆ یەکشەممە (2025.10.26)، ئاگادارکراینەوە کە کرێکارێک بە ناوی محەمەد حەمید، تەمەن 24 ساڵ، لە بەیانییەوە دیار نەماوە و گومان دەکرێت لە کاتی کارکردنیدا کەوتبێتە نێو تانکەرێکی نەوتی خامەوە.”
وتیشی: “دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان کرد بە بەتاڵکردنی تانکەرەکە، دوای چەند کاتژمێرێک توانرا تەرمی گەنجەکە دەربهێنرێت و بۆ ئەنجامدانی پشکنین رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کرا.”
کۆمەڵگەی پیشەسازی کواشێ دەکەوێتە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک و بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەی نەوتی خامەوە ناسراوە.
کواشێ، کومەڵگەیەکى پیشەسازییە و زۆربەی کارگەکانی نەوتی خام لەوێن، و دەکەوێتە سنووری قەزای سێمێل لەپارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح