بزانە رێگای جێگرەوە کامەیە
رێگای کۆیە بۆ تەقتەق داخرا؛ نۆژەن دەکرێتەوە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
رێگای نێوان هەردوو قەزای کۆیە و تەقتەق داخرا، رێگاکە 12 کیلۆمەترە و نۆژەن دەکرێتەوە، قایمقامیش دەڵێت، ساڵێک مۆڵەت دراوە بە کۆمپانیاکە، بەڵام هەوڵدەدەن زووتر تەواوی بکەن.
ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەقتەق بە وەکالەت، بە 964ـی وت، “رێگای کۆیە بۆ تەقتەق لەسەر پردەکەی رووباری کۆیەوە کە سنوری ئێمەیە، تا دەروازەی تەقتەق نۆژەندەکرێتەوە، کۆمپانیاکه ساڵێک مۆڵەتی هەیە بۆ تەواوکردنی کارەکەی، بەڵام بەڵێنیان پێداوین زووتر لەوکاتە رێگاکە بکەنەوە”.
“رێگاکە لەسەر پردەوەکەوە تا رێگای تاڵەبانی گەوەرە، هەڵدەکەندرێت و رێکخستنەوەی بۆ دەکرێت، دواتر قیرتاو دەکرێتەوە، ئەوەی دیکەشی هەر شوێنێک پێویست بێ، نۆژەن دەکرێتەوە و چاڵ و چۆڵەکانی پڕ دەکرێنەوە”، ئاسۆ مستەفا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ لەمەودوا شۆفێران دەتوانن رێگای گوندەکانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق یان، رێگای ئاشتی بۆ کۆیە بەکاربهێنن وەک رێگای جێگرەوە، تا ئەو کاتەی نۆژنەکردنەوەی رێگاکە کۆتایی دێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری