لە چاوەڕوانى خزمەتگوزاریدان
گەڕەکی روناکی لە ئاکرێ؛ ناوێکی رۆشن و خزمەتگوزارییەکی تاریک
964+
ژوورى هەواڵ
گەڕەکی روناکی، یەکێک لە گەڕەکە ناسراوەکانی قەزای ئاکرێ کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکەی لەخۆگرتووە، زیاتر لە دوو دەیەیە چاوەڕوانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکات، دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن، ناوی گەڕەکەکەیان “روناکی”یە، بەڵام لە رووی خزمەتگوزارییەوە لە تاریکیدا دەژین و کێشەکانی ئاوەڕۆ، شەقام و قوتابخانە ژیانی رۆژانەیانی سەخت کردووە.
برقى سورچی، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، بە 964ی وت،”ساڵانە ناچارین خۆمان چەو و لم بکڕین بۆ چاککردنەوەی کۆڵانەکانمان، هەروەها، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆ، لە بەردەم ماڵەکانماندا جۆگەی بچووکمان دروستکردووە.”
ئاماژەی بەوەشدا کە لە وەرزی بارانباریندا کۆڵانەکان پڕ دەبن لە قوڕ و لیتە و لە هاوینیشدا تەپوتۆزێکی زۆر ژیانیانی بێزار کردووە، جگە لەمانەش، تەنیا یەک قوتابخانەی بنەڕەتی لە گەڕەکەکەدا هەیە کە زیاتر لە 1300 قوتابى تێیدا دەخوێنن، ئەمەش وایکردووە کە بۆ قۆناغەکانی دیکەی خوێندن، خێزانەکان منداڵەکانیان بنێرن بۆ گەڕەکەکانی تر و تێچووی هاتووچۆشیان بۆ دابین بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، بڵند رەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، لە لێدوانێکدا بۆ 964 ڕایگەیاند: “لە کۆی نزیکەی 48 گەڕەکی ئاکرێ، هەوڵمانداوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەن بە زۆربەی گەڕەکەکان، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و داهاتی پێویست، نەمانتوانیوە ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەین.”
سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ هیوایەک هەیە تا ساڵی نوێ پڕۆژەکان بگەنە گەڕەکی روناکی، سەرۆکی شارەوانی وتی: “نامەوێت هیچ بەڵێنێک بدەم، چونکە هیچ شتێک دیار نییە، بێگومان کاتێک پارەمان لەبەردەست بێت، کار دەکەین.”
گەڕەکی روناکی لە ساڵی 2004 ئاوەدانکراوەتەوە و نزیکەی چوار هەزار ماڵ تێیدا نیشتەجێن، ئەم گەڕەکە یەکێکە لە گەڕەکە دیارەکانی قەزاکە، بەڵام تا ئێستا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پێنەگەیشتووە و دانیشتووانەکەی چاوەڕوانی چارەسەرێکی بنەڕەتین بۆ کێشەکانیان.