لە کەناراوەکانی بۆدروم

بەلەمێکی تر ژێرئاو کەوت؛ 17 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا پێنجیان منداڵن

964+

شۆڕش قادری

لە کەناراوەکانی بۆدرۆمی تورکیا بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران ژێرئاو کەوت و 17 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستانن.

ماردین حەمید بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە 964ـی وت، “بەپێی زانیارییەکانمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 25.10.2025 بەلەمێک کە زیاتر لە 19 کەسی هەڵگرتبوو، لە کەناراوەکان بۆدرومی تورکیا نوقم بووە کە پێدەچێت بەرەو دوورگەی کۆسی یۆنان رۆیشتبێت”.

“تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری توانیویانە 17 تەرم دەربهێنن کە پێنج منداڵیان تێدایە، دوو کوڕ و سێ کچ”، ماردین حەمید وای وت .

باسی لەوەشکرد، پیاوێکی ئەفغانی کە لە کارەساتەکە رزگاری بووە، توانیویەتی بە مەلەکردن بگەڕێتەوە سەر وشکانی و دوای ماوەیەکی کەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لێبدات بۆ پۆلیسی کەناراوەکان، هەروەها تیمەکان توانیویانە دووەم رزگاربوو بدۆزنەوە کە توانیبووی بگاتە دوورگەی چەلێبی لە دەریای بۆدروم.

ماردین حەمید وتیشی، لەو بەلەمەدا هیچ کوردێکی تێدا نەبووە و زۆربەی سەرنشینەکانی خەڵکی ئەفغانستان بوون.

هەر دوێنێش لە نزیک شاری موغڵا و لەناو دەریای ئیجەدا بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران ژێرئاو کەوت و بەپێی هەندێک لە میدیاکان لەو رووداوەشدا زیاتر لە 15 کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام ماردین حەمید وتی، تا ئێستا دیار نییە لەو رووداوەدا چەند کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسیش رزگاریان بووە.

47 کۆچبەری کورد لە دەریای ئیجەدا رزگار کران

47 کۆچبەری کورد لە دەریای ئیجەدا رزگار کران

لە کەناراوەکانی وڵاتى لیبیا تەرمی 61 کۆچبەر دۆزرانەوە

لە کەناراوەکانی وڵاتى لیبیا تەرمی 61 کۆچبەر دۆزرانەوە