دیمەنێكی شاری غەززە كە وێران بووە
هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن
ئاگربەست و رێككەوتن هەیە و شەش هاوڵاتی لە غەززە كوژران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بزووتنەوەی ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد دوای کوشتنی نۆ هاوڵاتی لە کەرتی غەززە.
تۆڕی هەواڵی قودس لە زاری حازم قاسم، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاویکردەوە، “رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل نۆ هاوڵاتی لە رێگەی درۆن و تەقەکردنەوە كوشتووە، ئەمەش پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەستە”.
قاسم داوای لە لایەنە جیاوازەکان کرد، “چاودێری هەڵسوکەوتی هێزەكانی ئیسرائیل بکەن و رێگە نەدەن خۆیان لە بەڵێنەکانی رێككەوتنی ئاشتی لە کەرتی غەززە بدزنەوە”.
ناوەندی راگەیاندنی فەلەستین لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ژمارەیەك هاوڵاتی، كە خەریكی پشکنینی ماڵەکانیان بوون لە گەڕەکی شوجاعییە لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، پێنج هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ناسنامەی ژمارەیەک تۆمەتباری کردووە، کە هێڵی زەردیان بەزاندووە و لە هێزەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری کەرتی غەززە نزیکبوونەتەوە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیچای ئەدرایی لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە: “ژمارەیەک تۆمەتبار دەستنیشانکران کە لە هێڵی زەرد دەپەڕنەوە و لە هێزەکانی ئیسرائیل نزیکبوونەتەوە، کە لە باکووری کەرتی غەززە بوونیان هەیە، ئەمەش پێشێلکردنی رێککەوتنەکە بووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “چەند هەوڵێک درا بۆ دوورخستنەوەی ئەو كەسانە، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە و بەردەوامبوون لە نزیکبوونەوە، دواتر تەقەیان لێکرا بۆ لابردنی هەڕەشەکە”.
ئیسرائیل بانگەوازی خۆی بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە دووپاتدەکاتەوە کە پابەندی رێنماییەکانی ئیسرائیل بن و نزیک نەبنەوە لەو هێزانەی لە ناوچەکە جێگیرکراون”.
جگە لەوەش میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
باسی ئەوەشیان كردووە، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەی زۆریان لە دەوروبەری ناوچەی شاکۆش لە باکووری رۆژئاوای ڕەفەح کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەرزاییە نزمەکاندا لە هەمان ناوچە، لە نزیک ڕەفەح دەفڕن.
دووشەممەی رابردوو لە شەرمولشێخ لە میسر، بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی میسر، بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆری و سەرۆك و میری وڵاتانی ناوچەكە، رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس واژۆ كرا.