"ئەمساڵ 15 کرێکار گیانیان سپاردووە"
لە کەرکوک کرێکارێک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کەرکوک کرێکارێکی بەنەتەوە عەرەب لە کاتی کارکردن، کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا، ئەمساڵ ئەو 15ـیەمین کرێکارە کە لەو سنوورە گیانی لەدەستداوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 14.10.2025 لە گەڕەکی زەور و بە دیاریکراوی لە ناوچەی 55ـی کەرکوک، کرێکارێکی تەمەن 19 ساڵ لەکاتی کارکردن کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا، لە ئێستادا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە.
“رووداوەکە بەم شێوەیە بووە، کرێکارەکە لە کاتی کارکردن لە هۆش خۆی چووە و کەوتووە، لەو کاتەدا دەستی بەر کێبڵێکی کارەبا کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”، سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی کەرکوک وای بۆ 964 گێڕایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنجە لە نەتەوەی عەرەبە و دانیشتووی گەڕەکی عروبەی شاری کەرکوکە، دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی، رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
جاسم عەلی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کەرکوک بە 964ـی وت، بەو حاڵەتەی ئەمڕۆوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 15 کرێکار لە سنووری کەرکوک لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری