دوازدەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت – وێنە؛ رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن
"رۆژێک بۆ هەموان"
دوازدەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت
964+
شۆڕش قادری
کۆتایی ئەم مانگە دوازدەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و براوەکانیش جگە لە مەدالیا، خەڵاتی ماددیش وەردەگرن.
هێمن ئەسکەندەر بەڕێوەبەری رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی بە 964ـی وت، رۆژی 31.10.2025 دوازدەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە دروشی (رۆژێک بۆ هەموان) بەڕێوەدەچێت.
“راکردنەکە سێ مەودایە، مەودایەکیان 42.195 کیلۆمەترە و سێ فڕەیە بەدەوری شەقامی 60 مەتری هەولێر، مەودایەکیان 12 کیلۆمەترە و فڕەیەکە بەدەوری شەقامی 60 مەتری و مەودایەکی تریش کە 2 کیلۆمەترە و راکردنی ئارەزوومەندانیە، تەمەن و رەگەز تیایدا دیاری نەکراوە”، هێمن ئەسکەندەر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، براوەکان، یەکەم و دووەم و سێیەم جگە لە مەدالیا خەڵاتی ماددیش وەردەگرن، بەڵام هێشتا بەهۆی پەیدانەبوونی سپۆنسەر بڕی پارەکە دیاری نەکراوە.
راکردنەکە لە شەقامی گوڵانەوە دەستپێدەکات و کۆتاییەکەشی دەرگای پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەرامبەر بینای پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
بۆ بەشداریکردن دەتوانن لەڕێی ئەم لینکەوە ناوی خۆتان تۆمار بکەن.