بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە

نزیكەی 90 هەزار كەس ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ نووسیوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

حەج و عومرەی كوردستان ئاشكرای كرد، بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ تا ئێستا 90 هەزار كەس ناوی خۆیان بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی تۆمار كردووە.

كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 13.10.2025 بە 964ی راگەیاند، نزیكەی 90 هەزار هاوڵاتی كوردستان به خۆرایی و له‌ ماڵه‌كانی خۆیان، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هیچ شوێنێك بكه‌ن و هیچ مه‌سروفێكی رێگه‌ و فۆرم و كۆپیكردن و شتی تر بكەن، به‌ ئاسانی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی ناویان بۆ حه‌جی ساڵی 2026 تۆمار كردووە.

وتیشی، ئەمە دیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ حەجخوازان و ئەو كەسانەی نیازی سەفەری حەجی ئەمساڵیان هەیە.

كاروان ستونی ئەوەشی باس كرد، تا ئێستا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بە بڕی شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار پاڵپشتی پرۆسەی حەج كراوە، كە هەر ساڵێك بە بڕە پارەیەك بووە و بۆ هاوكاریكردنی حاجییان بووە.

بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ ناوتۆماركردن كۆتایی هاتووە و ئێستا وەزارەتی ئەوقاف وردبینی لە ناوەكان دەكات، دواتر تیروپشك دەكرێت و ژمارەی دیاریكراو لە هاوڵاتیانی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە حەج ناویان هەڵدەبژێردرێت.