"مەجالی یەک نادەن و پێکەوە بەسەریدا دەڕۆن"
لۆدی بارهەڵگرەکان پردەکەی کاولۆکانی شکاندووە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
کاربەدەستانی رێگاوبانی سۆران دەڵێن، لۆدی بارهەڵگرەکان لەم چەند رۆژەی دواییدا پردەکەی کاولۆکانی شکاندووە و بۆری ئاو و کێبڵی ئینتێرنێتیش کارکردنی تیمەکانی دواخستووە، بۆیە بەتەما مەبن دوو رۆژی دیکەش پردەکە بکرێتەوە.
پردی کاولۆکان لە رواندز داخرا
خۆسرەت سادق بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە 964ـی وت، “کۆمپانیایەکی تایبەت هاتووە بۆ چاککردنەوەی پردەکە، بەڵام ئەمڕۆ بۆمان دەرکەوت کە بۆری ئاوی خواردنەوەی گوندی کاولۆکان و کێبڵی ئینتێرنێت بە ژێر پردەکەدا تێدەپەڕن، ئەمەش کارەکەی بۆ تیمەکانی ئێمە قورستر کردوە، نزیکەی رۆژێک کارەکەمان دوادەخات و رەنگە دوو رۆژی ترمان پێویست بێت تاوەکو پردەکە دەکرێتەوە”.
وەک باسی دەکات، لەم چەند رۆژەی دواییدا و بەهۆی داخستنی رێگای گەلی عەلی بەگ و جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری، پردە گەورەی کاولۆکان لۆدی بارهەڵگرەکانی لەسەر بووە و هەر ئەوەش هۆکاری شکانی پردەکە بووە.
خۆسرەت سادق داوا شۆفێری بارهەڵگرەکان دەکات، بە نۆرە بەسەر پردەکەدا تێپەڕن، بۆ ئەوەی کێشەی لەو جۆرە روونەداتەوە.
دوێنێ شەممە 11.10.2025 پردی گەورەی کاولۆکان لەسەر رێگای رواندز – سۆران لە ناوقەدەوە درزی برد و چەند پلێتێکی داکەوتن و رێگاکە داخرا، ئەمڕۆ لە هەولێرەوە پلێت و راگریان بۆ چووە و تیمەکان دەستیان بە چاکردنەوەی پردەکە کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری