فەردەی ئاردی بایەعی دەردەکەوێت - وێنە: 964+
وەزارەتی بازرگانی:
“ئاردەكەمان عەیبی نییە و پشكنینی وردی بۆ دەكرێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە راست نین، كە لە بارەی ماددەی “پریمیکس” دەكرێت، كە دەكرێتە ناو ئاردی بایعییەوە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی 10.10.2025 دەڵێت، “ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە کە لە بارەی نەگونجاوی ئەو “پریمیکس”ەی کە بۆ ئارد زیادکراوە بڵاوبوونەتەوە، جەختیش لەوە دەكەنەوە، “مادەکە پشکنینی وردی بۆ دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتی رێکخستن و تەکنیکییە پەیوەندیدارەکانەوە پێش ئەوەی بخرێتە ناو پرۆسەی تێکەڵکردن و بەرهەمهێنانەوە”.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، “پریمیکس تێکەڵەیەک لە ڤیتامین و ماددە خۆراکییە گرنگەکانە، کە دەخرێنە ناو ئاردەوە بۆ پشتگیریکردنی ئاسایشی خۆراک و باشترکردنی بەهای خۆراکی”.
وەزارەتەكە دەڵێت، “هەموو بارە هاوردەکراوەکان زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی تاقیگەییان لە رێکخراوی ناوەندی بۆ ستانداردکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتی بۆ ئەنجامدەدرێن، هەروەها لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە چاودێری دەکرێت”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە “وەزارەتی بازرگانی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە پەرە بەو جۆرە تۆمەتە خراپەکارانە دەدەن، کە سەرلێشێواوی بڵاودەكەنەوە و هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتیان دەکەن”.