وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا فوئاد حوسێن و هاكان فیدان، هەینی 10.10.2025
"بەم زووانە لە بەغدا رێككەوتن واژۆ دەكرێت"
فوئاد حوسێن: لەسەر پرسی ئاو لەگەڵ توركیا رێككەوتین
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی، واژۆکردنی رەشنووسی رێککەوتنی چوارچێوەی لەگەڵ تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە بەغدای پایتەخت راگەیاند.
فوئاد حوسێن بە سەرۆكایەتی شاندێك لە توركیایە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا هاكان فیدان، وتی، “پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە”.
روونیشیکردەوە “ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بۆ تورکیا پەیوەندی بە پرسی ئاوەوە هەیە”.
فوئاد حوسێن وتی، “لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو گەیشتووینەتە رەشنووسی رێککەوتنێك، بەم نزیکانە رەشنووسی رێککەوتنەكە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە بەغدا واژۆ دەکرێت”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “عێراق پاڵپشتی ئەو گفتوگۆ سیاسییانە دەکات کە لە گۆڕەپانی تورکیادا ئەنجام دەدرێن”.
“دەبێت گرژییەکانی ناوچەکە بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێن، هیوادارین بە خێراییش هاوکارییەکان بگەیەنینە کەرتی غەززە”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، “پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا باشن، هەروەها کۆبوونەوەی بەردەوامی نێوان هەردوولا هەیە، هەماهەنگی لە نێوان عێراق و سوریادا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان”.