ئاڵای ئێران و ئیسرائیل
وردەكارییەكان ئاشكرا كران
ئێران: تۆڕێكی مۆسادمان هەڵوەشاندەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
میدیاکانی ئێران وردەکاری نوێیان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی سیخوڕی مۆساد ئاشکرا کرد کە لەلایەن کەسێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە ناوی خوازراوی “جەیمس بی دین” لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بەکاردەهێنێت.
بەگوێرەی دانپێدانانەکانی جەیمس بی دین، لە پلاتفۆرمی ئێکس ئەکاونتێکی ساختەی دروستکردووە و ناوەڕۆکی دوژمنکارانەی دژی ئێران بڵاوکردووەتەوە بە ئامانجی راکێشانی ناڕازییەكان و ئەوانەی دژی حكومەتی ئێرانن.
میدیاكانی ئێران باسیان كردووە، جەیمس لە کاتی رووداوەکانی پاییزی ساڵی 2022 لە ئێران لە هاندان بەشداری کردووە و دواتر رۆڵی ئەو پەرەی سەندووە بۆ سەرکردایەتیکردنی کەمپەینێک بۆ رێکخستنی ناڕەزایەتی و کردەوەی تێکدەرانە لە شەقامەکاندا.
هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن، جەیمس دواتر پەیوەندی بە تۆڕێکی نێودەوڵەتییەوە کردووە، کە لە پشتیوانانی دەسەڵاتی پاشایەتی پێشوو و هەندێک بازنەی دەوروبەری رەزا پەهلەوی پێکهاتبوون، پاشان لەلایەن ژنێکەوە بە ناوی “ئیلاهە” کە لە شاری سیدنی لە ئوسترالیا نیشتەجێیە، رێنمایی کراوە کە لە رێگەی پلاتفۆرمی “ئەڤین”ەوە پەیوەندی بە كەسێكەوە بكات، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ەوە هەیە، ئینجا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دامەزراوە و شوێنە هەستیارەکانی ئەمنی و سەربازییەكان لە ناوخۆی ئێران و گەیاندنی بە ئیسرائیل.
بە گوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان، ئەو كەسە ئەرکی دەستنیشانکردنی شوێنی یەکە تایبەتەکان و دامەزراوە بەرگرییەکانی پێ سپێردرابوو، لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە. گواستنەوەی زانیاری ئەلیکترۆنی هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە هاوینی ئەمساڵ و دواتر بەشێک لەو زانیارییانە لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بڵاوکرانەوە.
میدیای ئێرانی ئەوەیان باس كردووە، دوای چاودێرییەکی بەرفراوان، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران توانیان ناسنامەی ئەندامانی تۆڕەکە دەستنیشان بکەن و داڕێژەری تۆڕەکە و ژمارەیەک لە بەشداربووان دەستگیر بکەن، پاشان بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیان بۆ تاوانباران راگەیاند.