هەولێر
پارچە كۆنكریتێک بووەتە دێوەزمەی ترۆمبێلان
964+
ئەحمەد شەمزین
پارچە كۆنكریتێک، كە پاشماوەی شۆستەی نێوان دوو شەقامە لە گەڕەكی ئازادی لە هەولێر، بووەتە بەڵا و دێوەزمە بۆ ئۆتۆمبێلان و هەروادەكەی یەكێكیان خۆی پێدا دەكێشێ و خۆی تەفنیش دەكات.
شۆفێران ناهەق نین ئەگەر خۆی پێدابدەن یان لە ترسی ئەو بەریەک بكەون، چونکە شوێنەكە شەوان دیار نییە و ئەگەر دوكان و چێشتخانەكانی ئەو گوزەرەش داخرابن، ئەوا چاو چاو نابینێت و تاریكە.
پەیامنێری 964 لە هەولێر، ئەمشەو چووە شوێنی ئەو كۆنكریتە و دیمەنەكان پێشاندەدات.
هاوكات گەنجێكی گوزەرەكە، لە دڵسۆزیی خۆی بۆ هاوڵاتیان، وەك خۆی باسی كرد، دوو فسفۆڕی هێناوە و لەوێی داناوە، بۆ ئەوەی شۆفێران خۆیان بە كۆنكریتەكەدا نەكێشن و ئاگایان لە پێش خۆیان بێت.
هاوكات چەند شۆفێرێك لە رێگەی نامەی تایبەتەوە، كە بۆ 964یان ناردووە، داوادەكەن شارەوانیی هەولێر خەمێک لەو شۆستە و پارچە كۆنكریتە بخوا و لایببات، بۆ ئەوەی چیتر شۆفێران ماڵیان بە قوڕ نەگیرێ.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا