پشکى نەتەوەیى ناگرێتەوە

وردەکارى دامەزراندنى حەوت هەزار کەس لە کەرکوک

964+
کاروان ساڵحی-کەرکۆک

سەر بودجەی سێ ساڵی عێراق، زیاتر لە حەوت هەزار کەس لە کەرکوک دادەمەزرێن و زۆرترین پشک بۆ دەرچووانی بەکالۆریۆسە، کە 75%ـی دامەزراندنەکان پێکدەهێنن، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە دامەزراندن بەپێی “شایستەیی” دەبێت و پشکی نەتەوەیی لەبەرچاو ناگیرێت.

دوای زیاتر لە ساڵێک لە چاوەڕوانی، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگادا، دامەزراندنی 7 هەزار و 304 کەسی بەشێوەی گرێبەست راگەیاند، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لینکێکی تایبەت بۆ ناوتۆمارکردن کارا بکرێت.

لەسەر ئەو بابەتە، ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە “964”ی راگەیاند، بەپێی ماددەی 66ی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، بڕی 150 هەزار پلەی وەزیفی بەشێوەی گرێبەست بۆ سەرانسەری عێراق دیاریکراوە، لەو ژمارەیە 7 هەزار و 304 پلە بەر کەرکوک دەکەوێت.

وەک باسى دەکات، 75%ـی دامەزراندنەکان بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە و 25%ـی دیکەش بۆ دەرچووانی دبلۆم، ئامادەیی و قۆناغەکانی خوارتر تەرخانکراوە.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دیاریکردنی پشک بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان، کەرکوکی جەختی لەوە کردەوە کە “لە رابردوودا هەڵەی زۆر کراوە و زوڵم لە خەڵک کراوە”، بۆیە ئەمجارە دامەزراندن تەنیا لەسەر بنەمای شایستەیی دەبێت و پشکی قەزا و ناحیەکانیش لەبەرچاو گیراوە، ئەو کەسانەی دادەمەزرێن، بەپێی پسپۆڕی و بڕوانامەکانیان بەسەر فەرمانگە حکومییەکاندا دابەش دەکرێن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بۆ دامەزراندن لە حكومەتی عێراق فۆڕم پڕ بكەنەوە

بۆ دامەزراندن لە حكومەتی عێراق فۆڕم پڕ بكەنەوە