لە 14 یاریزان 12ـیان کوردن
هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا دەکەن
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق بەشداریی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا دەکەن و بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە سبەی دەچنە ئوردن.
د.راندی مەتی، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بە 964ـی وت، “سەرەتا 25 یاریزانمان دیاری کرد و ئێستاش لیستی کۆتاییمان 14 یاریزانن کە 12ـیان کوردن، بڕیارە سبەی سەفەری وڵاتی ئوردن بکەین بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا، ئامانجیشمان بەدەستهێنانی پلەی بەرزە و هەموو هەولێکمان بۆ ئەوەیە”.
دەشنێ قاسم یەکێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەکەش وتی، “من هەم دایکم، هەم هاوسەرم، هەمیش مامۆستام، بۆمن زۆر قورس بوو بگەمە ئەم ئاستەی ئێستا، بەڵام هەموو شتێکم بەپلان رێکخستووە و دەمەوێت ئەو هەوڵ و قوربانییەی داومە بەفیڕۆ نەچێت و ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین”.
پاڵەوانێتی بالەی رۆژئاوای ئاسیا بۆ کچان، بە بەشداری شەش وڵاتی (عێراق، ئوردن، لوبنان، سوریا، قەتەر و سعودیە) بەڕێوەدەچێت، رۆژی 3ـی مانگ کاتژمێر پێنجی ئێوارە هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی سعودیە دەبێتەوە و 9ـی مانگیش کۆتا رۆژی پاڵەوانێتییەکە دەبێت، عێراق چاوی لەوەیە پلەکانی پێشەوە بەدەست بهێنێت و جاری پێشووش کە بەشداربوو، پلەیی چوارەمی بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری