بەڕێوەبەری پەروەردە وادەڵێت:
“داوامانکردوە مامۆستایانی وانەبێژى لادراو لە جێگاى مامۆستایانى خانەنشین دابندرێن”
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان 592 مامۆستا خانەنشین بوونە، بەڕێوەبەری پەروەردەی سنوورەکەش دەڵێت: لەگەڵ وەزارەت لەسەر خەتین بۆئەوەی مامۆستایانی وانەبێژی لادراو دابنرێن لەجێگەیان.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەمساڵ بڕیاریدا، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 60 ساڵ خانەنشین بکرێن.
عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە 964ـى وت،”کۆبونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کردوە بۆئەوەی جێگای ئەو مامۆستایانە پڕبکرێتەوە کە خانەنشین بوونە”.
“لە پەروەردەی گەرمیان 592 مامۆستامان خانەنشین بووە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بڕیاربدات جێگاکەیان پڕبکەینەوە، ئەوا ئەو مامۆستا وانەبێژانە دادەنێین کە بەھەر ھۆکارێک وازیانھێناوە یان لادراون و لە سنوورى گەرمیان ژمارەیان 340 کەسە”، عەدنان حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پێویستیمان زیاتربوو لەو 340 کەسە، ئەوکاتە بانگەواز دەکەین و دەرچوانی زانکۆ دادەمەزرێنین.
ژمارەى وانەبێژانى لادراو سەروو 2000 کەسە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، لەماوەکانى رابردوودا، چەندینجار داوایانکرد بکرێن بە گرێبەست، وەزارەتى پەروەردەش بڕیاریدا هەر مامۆستایەکى گرێبەست وازیهێنا یان دورخرایەوە و نەما، یەکێک لەو وانەبێژانە بخاتە شوێنى و بیانکات بەگرێبەست، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەى بخرێنە شوێنى ئەو مامۆستایانەى خانەنشین بوون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی