قۆناغی یەکەمی لە بەحرکەوە دەستیپێکرد
لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر حەوت ملیۆن دار دەچێنرێن
964+
شۆڕش قادری
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد، کە بڕیارە حەوت ملیۆن دار لە پایتەخت بچێندرێن و رێژەی سەوزایی بۆ 25٪ زیاد بکرێت.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە 964ـی وت، بە ئامانجی زیادکردنی رێژەی سەوزایی پایتەخت، دوێنێ یەکشەممە 28.9.2025 و لە سنووری بەحرکە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ملیۆنان دار دەستیپێکردووە.
پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگ وەسف دەکرێت و ئومێد هەیە کاریگەری بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی خۆڵبارین، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی رێژەی سەوزایی هەبێت.
“رووبەری پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر 13 هەزار دۆنمە، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن، چونکە ئاوی کەمتریان دەوێت و لەگەڵ ژینگەی هەولێر گونجاون، بە گشتی لەهەموو قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیەدا، حەوت ملیۆن دار دەچێنرێن”، هێمن سەید موراد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەمام چاندن کاتی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێ لە وەرزی چاندندا کارەکە بکەن، بۆیە هەوڵ دەدەن ئەمساڵ هەمووی دارەکان بچێنن، ئەگەر پێڕابگەن.
ئەمساڵ چەند رێکارێک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە گیراونەتەبەر و لەو پێناوەشدا چەند پڕۆژەیەک جێبەجێکراون، لەوانەش داخستنی موەلیدەی گەڕەکەکان لەڕێی پڕۆژەی رووناکییەوە، لە ماستەر پلانی هەولێریشدا، پشتێنەی سەوزایی یەکێک بووە لە پڕۆژە گرنگەکانی پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر و پلان وایە، بە تەواوبوونی، رێژەی سەوزایی پایتەخت بەڕێژەی 25% زیاد بکات.