بەڕێوەبەری كارەكانی قسەی كرد

موعین ئەسفەهانی لە هەولێر كۆنسێرت ناكات

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە رۆژانی رابردوو ریكلامێكی ڤیدیۆیی بۆ بەڕێوەچوونی كۆنسێرتی گۆرانیی هونەرمەندی ناوداری فارس موعین ئەسفەهانی لە هەولێر بڵاوكرایەوە، بەڵام بەڕێوەبەری كارەكانی پێی زانیوە و لە ڤیدیۆیەكدا هەواڵەكەی بە درۆخستەوە.

لە ڤیدیۆیەكدا كە شەوی رابردوو لە ئەكاونتی فەرمیی هونەرمەند موعین ئەسفەهانی لە ئینستاگرام بڵاوكرایەوە، تێیدا عارف شەكوری، موزیسیان و بەڕێوەبەری كارە هونەرییەكانی موعین، روونكردنەوەیەكی دا و رایگەیاند، ئاگادارن ریكلام كراوە بۆ كۆنستێرتی موعین لە هەولێر، بەڵام ئەمە راست نییە و هیچ بەرنامە و پلانێكیان نییە كۆنسێرت لە هەولێر بكەن.

عارف دەڵێت، ئەگەر بەرنامە و پلانی كۆنسێرت بۆ موعین لە هەولێر یان هەر شوێنێكی دیكە هەبێت، لە پەیجە فەرمییەكانی هونەرمەند لە سۆشیال میدیا و میدیا فەرمییەكان بڵاودەكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا بە هیوان لە هەولێر كۆنستێرت بكەن و ئەو دەرفەتە بڕەخسێت، بەڵام حاڵی حازر هیچ لە ئارادا نییە.

موعین ئەسفەهانی، یەكێكە لە ناودارترین هونەرمەندانی فارس و لە ئەمریكا نیشتەجێیە و لە كوردستانیش زۆر ناسراوە و هەواداری زۆرە، تا ئێستاش دوو كۆنسێرتی لە هەولێر لە و سلێمانی لە ساڵانی رابردوو كردووە.