پارێزگاریش داواکاریی نوێی خستەڕوو
وەزیری ئاوەدانکردنەوە رێگایەکی ستراتیژی لە هەڵەبجە کردەوە
964+
ئەمەل ناجی- هەڵەبجە
رێگای ملەی گەچێنە بە گوژمەی 613 ملیۆن دینار لە هەڵەبجە کرایەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، بۆ بەسەرکردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی دیکەش هاتوون، لە کاتێکدا پارێزگاری هەڵەبجە دەرفەتەکەی قۆستەوە و داواکاریی نوێی بۆ پڕۆژەی زیاتر خستەڕوو.
بۆ کردنەوەی پرۆژەی رێگەی ملەی گەچێنە و بەسەرکردنەوەی پردی تەنگی سەید محەمەد دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم، سەردانی هەڵەبجەی کرد و بە یاوەری نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، چەند پرۆژەیەکیان بەسەرکردەوە و رێگەی ملەی گەچێنەشیان کردەوە کە تازە درووستکراوە.
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم بە 964ـی وت:”ئەم رێگەیە بە درێژی حەوت هەزار و دوو سەد مەتر بە گوژمەی شەش سەد و 13 ملیۆن دینار درووستکراوە، رێگەی چەند گوندێکی لەسەرە”.
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجەش بە 964ـی وت:”چەند داواکارییەکمان پێشکەش بە وەزیر کرد تایبەت بە رێگەوبان، چونکە بەهۆی ئەو سنوورە جوگرافیە فراوانەی هەڵەبجەوە پێویستمان بە رێگەی زیاترە بۆ گوندەکان، و چەند داواکارییەکیشمان هەبووە لە ئەنجومەنی وەزیران کە جێبەجێنەکراوە، و ئەویش بەڵێنی پشتیوانی داوە بۆ داواکارییەکانمان”.
پێداچوونەوە: باری ساڵح