لە رانیە گردبوونەوە
نەخۆشانى گورچیلە و جگەر پێویستیان بە دەرمانە
محەمەد عەلى- راپەڕین
ژمارەیەک لە نەخۆشەکانی چاندنی گورچیلە و جگەر لەبەردەم سەنتەرى گورچیلەى دەستکردى رانیە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و دەڵێن ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەرمانی سەرەکییان پێنادرێت و لە بازاڕیشدا گرانە و بە ئاسانی دەستناکەوێت.
سامان حەمە، یەکێک لەو نەخۆشانەی گورچیلەی بۆ چێنراوە، بە 964ـی راگەیاند: “ماوەی ساڵێک و شەش مانگە دەرمانمان لە نەخۆشخانە پێنەدراوە، دەرمانی سەرەکیمان ناوی ‘پرۆگراف’ـە و دەبێت رۆژانە بەکارى بهێنین، من رۆژی چوار دەنک بەکاردەهێنم کە مانگانە دەکاتە 120 دەنک، بەڵام نەخۆش هەیە رۆژانە شەش بۆ هەشت دەنکیش بەکاردەهێنێت، ژیانمان بەو دەرمانەوە بەندە و ئەگەر نەیخۆین، رووبەڕووی مردن دەبینەوە.”
وتیشی: “بە ناچاری لە بازاڕ دەرمانی ‘پرۆگراف’ دەکڕین، تێچووی مانگێکی نزیکەی 150 هەزار دینارە و زۆربەمان توانای کڕینیمان نییە”.
وەک باسى دەکات، سێ جۆر دەرمانی دیکەشیان پێویستە، بەڵام ئەوان کێشەیان نییە و جاروبار پێیان دەدەن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە.
هاوژین فوئاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری گورچیلەی دەستکردی رانیە، بە 964ـی وت: “ئەو کەسانەی چاندنەوەی جگەر و گورچیلەیان بۆ دەکرێت، پێویستیان بە چوار جۆر دەرمانی بەردەوام هەیە، ئەو دەرمانانە دەبێت لە بەغداوە بۆمان بێت، بەڵام ماوەی ساڵێک و چوار مانگە تەنها یەکجار بۆمان هاتووە، لەو ماوەیەدا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و کۆگای دەرمانی راپەڕین، سێ جۆریان بۆ دابین دەکەین.”
روونیکردەوە: “کێشەی سەرەکی لە دەرمانی ‘پرۆگراف’ـدایە کە لە بازاڕدا پشکنینی کوالیتی کۆنتڕۆڵی بۆ نەکراوە، ئێمەش نووسراوی وەزارەتی تەندروستیمان هەیە کە نابێت هیچ دەرمانێک بەبێ پشکنینی کوالیتی کۆنتڕۆڵ بە نەخۆش بدەین، بۆیە دەبێت ئەو دەرمانە لە بەغداوە بۆمان دابین بکرێت”.
ئامارەکان:
لە ئیدارەی راپەڕین 310 نەخۆشی چاندنی گورچیلە و جگەر هەن.
رۆژانە 72 کەس لەو نەخۆشانە گورچیلەیان بۆ دەشۆردرێت.
60%ـی ئەم نەخۆشانە پێویستیان بە دەرمانی ‘پرۆگراف’ـە.
ماوەی ساڵێک و چوار مانگە ئەم دەرمانە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بەردەست نییە.
پیداچوونەوە: وریا فەتاح
