بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت
کێڵگەى نەوتى شیواشۆک چاوەڕێى فەرمانە
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
سەرەڕای ئامادەیی تەواو و نەبوونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی، هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگەی نەوتی شیواشۆک، کە دەکەوێتە سنووری نێوان کۆیە و تەقتەق، هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
دوێنێ شەممە 27.9.2025، دواى تیپەڕبوونى دوو ساڵ و شەش مانگ، جارێکى تر هەناردەى نەوتى هەرێم لە رێگەى بۆرى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بۆ بازاڕەکانى جیهان، دەستیپێکردەوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کێڵگەی نەوتی شیواشۆک کە لەبەر نەبوونى مافى لێدوان ناو و پۆستەکەى لاى 964 پارێزراوە، وتى،” ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و تەنیا چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانین”.
وتیشى،”هەر فەرمانمان پێبکرێت، لەماوەى یەک مانگدا دەتوانین دەست بە هەناردەکردنەوە بکەین.”
وەک ئەوەى باسى دەکات، هۆکاری ئەم ماوە مانگییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی راوەستانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، زۆرێک لە کارمەندانی کێڵگەکە نێردراونەتەوە ماڵەوە، لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دەستپێکردنەوەی کارەکان، پێویستە کارمەندەکان بانگ بکرێنەوە و ئامادەکارییەکان بۆ بەرهەمهێنان ئەنجام بدرێن.
کێڵگەی نەوتی شیواشۆک بەشێکە لە بلۆکی نەوتی تەقتەق، ئەم کێڵگەیە لە لوتکەی بەرهەمهێنانیدا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی کێڵگەکە بۆ کەمتر لە 5 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە.
وەک ئەوەى ئەو بەرپرسەى کێڵگەکە بۆ 964 باسى کرد، چاوەڕواندەکرێت بەهۆی وەستانی کارکردن لە ماوەی رابردوودا، بیرە نەوتییەکانی کێڵگەکە “پشوویان وەرگرتبێت” و ئەمەش ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بەرهەمهێنان لە کاتی دەستپێکردنەوەدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح