"ئیدی بێ منەت دەبین لە بەغدا"
هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان موچەخۆرانی دڵخۆش کردووە
964+
رێباز خدر – هەولێر
هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان موچەخۆرانی دڵخۆش کردووە و بەشێکیان پێیانوایە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و هاتنی موچە دەبێت و تاڕادەیەک کێشەکانیان چارەسەر دەکات.
سەلام مستەفا خانەنشینە و لە هەولێر دادەنیشێ، ئەو بە 964ـی وت، “خەڵکی کوردستان فەقیرە و هەیە کرێچییە ناتوانێ بێ موچە بژی، بۆیە هیوادارین، هەناردەکردنەوەی نەوت جارێکی تر رانەگیرێ و موچەی موچەخۆرانیش دوا نەکەوێ”.
د. ئازاد دەلۆـش وەک مامۆستای زانکۆ پێیوایە، بەم بڕیارە ئیدی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک بێ منەت دەبێ لە بەغدا، چونکە ئیدی حکومەتی فیدڕاڵ بیانووی نامێنێ بۆ خەرج نەکردنی موچەخۆرانی کوردستان.
شێروان بێرکۆتی هونەرمەندی دیاری کوردستانیش نەیشاردەوە کە بەبیستنی هەوڵەکە دڵخۆش بووە و هیوای خواست، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە، بێ پچڕان بەردەوام بێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27.9.2025 و دوای 918 رۆژ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە دەستیپێکردەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری