داواکاریی هاوپەیمانی 19 یە

“مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ کۆنگرەی رۆژنامەوانی لاببەن”

ئەحمە مستەفا

تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەڵێ، رێگریكردن لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان لە هەولێر و سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی روون، پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینە، ئەوان داوا دەكەن مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە شوێنی كراوە و داخراودا لاببرێت.

راگەیەندراوەکە بۆ ئەم مەبەستەیە؛ بەیانی رۆژی شەممە 20ی ئەیلولی 2025، بڕیاربوو رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ، دەستەی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایانی،لە باخچەیەك لە بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری رێكبخەن، یاداشتێك بخوێننەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردن.

هەروەها، لە 9ی ئەیلولی 2025، بڕیاربوو رێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لە پاركی نالی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، رێگەیان نەدا چالاكییەكەیان ئەنجام بدەن.

ئەو دوو چالاكییە گردبوونەوەی گشتی نەبوون بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری، وەك لە ماددەی یەكی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010، رێكخستنی خۆپیشاندان هاتووە تا رێكخەرانی داوای مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانیش قبوڵ یان رەتیبكەنەوە، بەڵكو كۆنگرەی رۆژنامەگەری بوون بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی كۆمەڵی هاوڵاتی بوون بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، تۆڕی هاوپەیمانی 19 وا دەڵێت.

ئەوەشی وتووە، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2010 بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان، تیشك دەخاتە سەر خۆپیشاندان و ڕێپێوان و كۆبوونەوە لە شوێنە گشتیەكان، بەڵام باسی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان نەكردوە، كەچی ئێستا لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نەك لە شوێنی كراوەدا بەڵكو لە هۆڵی داخراویشدا دەزگانی ئاسایش داوای مۆڵەت دەكەن، دەیخەنە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە.

تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.