به‌پێى ساڵنامه‌ى كوردى لەئەمڕۆوە پاییزه
له كوردستان به‌پێی روانگه‌كان وه‌رزى پاییز له رۆژى جیاوازدا دیاری ده‌كرێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی ساڵنامه‌ى كوردى ئه‌مڕۆ وه‌رزى پاییز ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام به‌پێی روانگه‌ى جیاواز كه له كۆنه‌وه بۆ دیاریكردنى وه‌رزه‌كان كاریان له‌سه‌ر كراوه، هاتنى ئه‌م وه‌رزه ده‌كه‌وێته رۆژانى جیاوازه‌وه.
روانگه‌كان له‌لایه‌ن مامۆستا عه‌بدولڕه‌قیب یوسف، یه‌كێك له دیارترین كه‌سایه‌تى شوێنه‌وارناس و مێژوونووس بڵاوكراونه‌ته‌وه، له‌یه‌كێك له روانگهكاندا كه به روانگه‌ى (كه‌لیخان) ناسراوه، ئه‌مڕۆ 21ـى ئهیلوول یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە چونكه ده‌ڵێت، بەپێی حسابات و روانگەی (کەلیخان) کە بۆ ناوچەی کوێستانیەکان و لەشاخی (ئەزمەڕ) كراوه، ساڵانه ئه‌مڕۆ به‌یه‌كه‌م رۆژى پاییز داده‌ندرێت.
به‌پێی ئه‌م نوسینه جیاوازانه‌ى كه مامۆستای ناوبراو بڵاویكردوونه‌ته‌وه، له كوردستان كار به چه‌ند روانگه‌یه‌ك كراوه له‌وانه‌ش، روانگەی (بارێ) کە دەکەوێتە گوندی بارێی بچوک، روانگەی (ئینچکە) دەکەوێتە ناوچەی سەقز، روانگەی (لاچین) لە ناوچەی مه‌هاباد، روانگەی (هەوشار) لەسەر شاخی هەیوان شاری، روانگەی (گڕاوو) لە هەولێر، روانگەی (ئاوکورتێ) لە ماوەت و روانگەكانی (کەلیخان و گڵەزەردە) له سلێمانى، كه ده‌ڵێت ئه‌م دوو روانگه‌یه لە هەموویان بەناوبانگتر و ووردترن.
به‌پێی ئه‌م نوسینه جیاوازانه‌ى كه مامۆستای ناوبراو بڵاویكردوونه‌ته‌وه، لە گەرمیان رۆژى 6ـى ئهیلوول پاییز ده‌ستپێده‌كات، بەوپێیەی حساباتی گەرمیان حه‌وت رۆژ لە پێش حساباتی گڵەزەردەوەیە و حساباتی کەلیخانیش حه‌وت رۆژ لەدوای حساباتی گڵەزەردەوەیە، چونكه روانگه‌ى (گڵەزەردە) ده‌ڵێت له رۆژى 15ـێ ئه‌یلول پاییز ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌وشه روونده‌كاته‌وه، كه لە کوردستاندا چەند روانگەیەکی فەلەکیمان هەیە کە شارەزاکانی ئەو سەردەمە دایانناوە زۆربەیان (مەلا)ی سەردەمی خۆیان بوونه و شارەزاییان لە بواری فەلەکناسیدا هەبووە بۆ زانینی وەرزەکانی ساڵ و کاتەکانی رۆژ سودیان لێ بینیوە، هەمووشیان کەوتونەتە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.
لایخۆشییه‌وه، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى پاییز ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ده‌ستپێكردنى وەرزی پایزە، هەڵگەرانەوەی زستانە لە نیوه‌ى گۆی باكوری زەویدا.
ده‌شڵێت، لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی پایز لە سەر ناوچەكەمان گۆڕانكاری لە پلەكانی گەرما روودەدەن شەپۆلەكانی گەرما كۆتایی دێت بەرزترین و نزمترین پلەكانی گەرماش بە چەند پلەیەك روو لە نزمبونەوە دەكەن.
رادەی شێ روو لە بەرزبونەوە دەكات، گۆڕانكاری لە پەستانی هەوا دروست دەبێت و نزمە پەستان و بەرزەپەستانەكانیش رێژە و رێڕەویان دەگۆڕێت و لە ئاسمانیش هەورە بەرزەكان و مامناوەندەكان دەردەكەون.