ئەمساڵ
دانانى کامێراى چاودێرى لە پاسى گواستنەوەى قوتابیاندا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ سەرەڕاى ئەوەى گرفتى موچە هەیە، بەڵام هیوادارن مامۆستایان وەک ساڵانى رابردوو شان بدەنە بەر قەیرانەکە و پڕۆسەکە بە دەروونێکى ئارامەوە دەستپێ بکەن.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى بە 964ـى وت،”بێموچەیى و پێویستى نۆژەنکردنەوەى بیناى قوتابخانەکان دوو کێشەى سەرەکین، بەڵام هیوادارین کە لە قۆناغەکانى کۆتایى چارەسەرکردنى گرفتى موچەین، مامۆستایانیش شان بدەنە بەر پڕۆسەکە و قوتابیان پڕ بکەن لە زانیارى”.
بە وتەى نە ژاد عەبدوڵا، 429 هەزار و 852 قوتابى و 42 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر، لە سنوورى 10 پەروەردەى سلێمانى لەگەڵ زەنگى ساڵى نوێ، دەچنە ناو قوتابخانەکان.
ئاشکراشى کرد، تەنیا لە یەک قوتابخانە سێ دەوامى هەیە ئەویش لەڕێى خێرخوازێکەوە خەریکى چارەسەرن.
لەبارەى دانانى کامێراى چاودێرى لە پاسى گواستنەوەى قوتابیان، نەژاد عەبدوڵا وتى،” لە قۆناغى تەندەریندایە و ئەمساڵ دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە”.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح