کۆرۆنا مەترسی ماوە یا نا؟
کەمی خواست ڤاکسینی کۆرۆنا دەکاتە وەرزی
میدیازان – فەرمان سادق – دیسکی هەولێر
بەهۆی کەمی خواست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین و، بەسەرچوونی بڕێک لە ڤاکسینەکە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ ساڵی داهاتوو بڕی هاوردەی ڤاکسینی کۆرۆنا کەم بکاتەوە.
دینا دڵشاد، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند لە دوا کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی پاراستنی تەندروستی هەموو پارێزگاکانی عێراق رۆژ پێنجشەممەی رابردوو، گفتوگۆ لەسەر پلانی ساڵی داهاتوو کرا بۆ کڕینی ڤاکسین.
“حکومەتی عێراق بۆ ٢٠٢٣ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا کەم دەکاتەوە”
“بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ خواست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر کەم بوو، ئەمەش وایکرد بەشێک لەو ڤاکسینەی کڕا بوو ئێکسپایەر ببن، بۆیە بڕیاری ئەوە درا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڕێکی زۆر کەمتر بکڕدرێت”. دکتۆر دینا دڵشاد وای وت.
بەپێی دوا ئامارەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە دوو ساڵی رابردوودا چوار ملیۆن و ٥٣٧ هەزارو ٧٦٢ پشکنین کراوە، لەم ژمارەیەدا ٤٦٦ هەزارو یەک کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەو بەهۆیەوە حەوت هەزارو ٤٦٩ هاوڵاتی گیانیان سپاردووە.
دکتۆر سەباح هەوارمی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند کە کۆرۆنا ئیتر وەک ئەنفلۆنزایەکی ئاسایی دەبینن.
رۆژی شەممەی رابردوو دکتۆر سەباح، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیبووی ‘لەمەودوا کۆرۆنا وەک پەتایەکی جیهانی سەیر ناکەین، بەڵکو وەک ئەنفلۆنزایەکی ئاسایی دەیبینین، ئێستا وەک جاران لەکۆرۆنا ناترسین.
بەڵام دکتۆر دینا دڵشاد، کە ئامادەی کۆبوونەوەکەی پێنجشەممەی رابردووی بەغدا بوو دەڵێ، بابەتەکە بەمجۆرە نیە، دەشڵێ “پێشتر کە ماوەی نێوان ژەمی یەکەم و ژەمی دووەم، دوو مانگ بوو، رەنگە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە چوار یان شەش مانگ”.
بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت، لە عێراق دوو ملیۆن و ٤٦١ هەزارو ٤٨٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، لەم ژمارەیەدا ٢٥ هەزارو ٣٥٨ کەس گیانان سپاردووە.