تیمەکان بەدرێژایی 30 کیلۆمەتر بهدوایدا دەگهڕێن
24 کاتژمێر تێپەڕی و هێشتا تەرمی ئەو گەنجە نەدۆزراوەتەوە کە له ئاوى تهقتهق خنکا
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
شەو و رۆژێکی تەواو تێپەڕی و هێشتا کەسوکاری سەبور موزەفەری تەمەن 22 ساڵ چاوەڕێی دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان دەکەن، کە دوێنێ ههینى، لە زێی بچوک و لە یهكێك سەیرانگاکانی قهزاى تەق تەق خنکا، بەرگری شارستانی کۆیەش دەڵێ، لە شوێنی خنکانەکەیەوە گەڕانى تیمهكانیان بەردەوامە.
گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە 964ـی وت، تیمەکانیان لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانیەوە دەستیان بە گەڕان کردووە و تاوهكو کاتی خۆرئاوابوون و تاریک داهاتن گەڕانیان بەردەوام دەبێت.
وتیشی “لەو شوێنەی کە ئەو گەنجە خنکاوە تاوهكو سنوری سێگردکان کە درێژیەکەی 30 کیلۆمەتر دەبێ تیمەکانمان بەردەوامن لەگەڕان”.
سۆران موبارەک لێپرسراوی بنکەی پاراستنی روباری تەق تەق بە 964ـی وت، ئاوی زێی بچوک هەم خێرایە و هەم زۆر ساردە، لەگەڵ ئەوەشدا شاخ و دار و چڕیەکی زۆری تێدایە، بۆیە گەڕان لەم ئاوەدا زۆر سەختە و دەبێ لەشوێنی خنکانیەوە تا دەیان کیلۆمەتر گومان له بوونی ئەو تەرمە بکرێت.
وتیشی “لە نێوان رۆژێک تاوهكو شەش رۆژدا چارەنوسی تەرمەکەی دەردەکەوێت و لەوە زیاتر تێناپەڕێت و دەدۆزرێتەوە”.
سەبور مزەفەر، گەنجێکی کوردی دانیشتووی هەولێرە، دوێنێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خۆی بەمەبەستی گەشتکردن چونەتە تەق تەق و لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە و تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن