"یان تووشی رووداو دابین یان دەبێ لە کامێرا بدەین"
ترافیک لایتەکانی سۆران چرکەژمێریان نییە؛ شۆفێران گلەییان هەیە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لەم دواییانەدا رێگاوبانی سۆران ناو و ناوبانگی باشی دەکردووە لە جوانی و شێوەی ئەندازەییان، بەڵام ترافیک لایتەکانی ناوشار لە چرکەژمێریان کەمە و ئەوەش گرفتی بۆ شۆفێران دروستکردووە، زۆر جار یان تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن یان لە چرای سوور دەدەن و سەرپێچیان بۆ تۆمار دەکرێت.
کازم خورشید، شۆفێرە و بە 964ـی وت، “لەم ترافیکە بووم، دەڕۆیشتم لەپڕ ترافیک لایت سوور بوو، ناچار ئیستۆپم کرد و بەوهۆیەشەوە دووتەنییەک لە پشتەوە لێمیدا، ئەگەر چرکەژمێر هەبوایە، زووتر دەوەستام و تووشی ئەو رووداوە نەدەبووم”.
ئاری شێخۆ، شۆفێرێکی ترە و دەڵێت، “دانانی چرکەژمێر پێویستە و داواکارین، لە ترافیک لایتەکان دابنرێت و شۆفێر لێی سودمەند دەبێت”.
وەک باسی دەکات، لە کاتی تێپەڕین بە ترافیک لایت لەپڕ چراکەی زەرد بووە، ئەویش لە ترسی ئەوەی تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبێت، ئیستۆپی نەکردووە، ناچار لە کامێرای داوە و سەرپێچی بۆ تۆمار کراوە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە موحسین تەحسین وتەبێژی هاتوچۆی سۆران، ئەو وتی، “داوامان لە هاتوچۆی هەرێم کردووە چرکە ژمێرەکانمان بۆ دابین بکەن و هەر کاتێک بەدەستمان گەیشت بە زووترین کات دایاندەنێن”.
لە سەنتەری سۆران دوو ترافیک لایت هەن، یەکێکیان دەکەوێتە جووتسایدی دەروازەی سۆران لە نزیک هۆڵی بۆنەکان، ئەوەی تریشیان لە سەر رێگای سۆران بۆ رواندزە، کە بە جوتسایدی حەریق ناسراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری